بنەماكانی "سیاسەت و قەیران و گەشەپێدانی باشووری كوردستان" لە ڕوانگەی ئابوریی سیاسییەوە

بنەماكانی "سیاسەت و قەیران و گەشەپێدانی باشووری كوردستان" لە ڕوانگەی ئابوریی سیاسییەوە


حوسێن کوردنەژاد , , ئابوری و دارایی




ڕۆژی 25ی شوباتی 2018 لە وڵاتی سوید، سەمینارێك لەلایەن (ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕوناكی)، كە ناوەندێكی سەربەخۆی فەرهەنگییە، بۆ بەرپرسی پرۆگرامی لێكۆڵینەوەی ئابوریی ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان - كوردستان (حوسێن كوردنەژاد) لەبارەی (بنەماكانی سیاسەت، قەیران و گەشەپێدان، لە باشووری كوردستان لە ڕوانگەی ئابووریی سیاسییەوە) بەسترا

كوردنەژاد كە بە دیدێكی ئابورییانەوە تێڕوانینە ئەكادیمییەكانی لەبارەی ڕەوشی سیاسی كوردستان دەخاتەڕوو، لە سەمینارەكەدا تەواوی سەرنجی خستە سەر باشوری كوردستان. لەسەرەتای سەمیناردا حوسێن كوردنەژاد باسی لە سرووشتی جیاوازی سامانی سروشتی و هەژاری و دەوڵەمەندی وڵاتان كرد، كە پێیوایە ئەوە دیموگرافیای وڵاتانە دەتوانێت پێكهاتەی سیاسی و ئابوری ئایندە دەستنیشانبكات.

ئەو لە سۆنگەی ئەو كاریگەرییەی دیموگرافیا بەسەر ئابورییەوە هەیەتی، (تەمەن) وەكو ڕەگەزێكی گرنگ وەهەژمار دێنێت كە ڕۆڵی سەرەكی هەیە لە دیاریكردنی پێكهاتە و شێوەی وزەی بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی ئابوریی وڵات. هاوكێشەكانی تەمەن و رێژەی تەمەنی كار لە وڵاتان باسێكی سەرەتایی سەمینار بوو كە لە داڕشتنی سیاسەتی گشتی و ئابوری و تەندرووستی و پەروەردە ڕۆڵ دەگێڕێت.

كوردنەژاد پێیوایە سیستەمی پەروەردە گەر ڕاستەوخۆ بە بازاڕەوە نەبەسترێتەوە، لەسەر ئاستی فێركردنی تاك هیچ هاندانێك بۆ سەركەوتن و كۆشش درووستناكات، جگە لەوەی لەسەر ئاستی سیستەمیش سەرجەمی ئەو خەرجییەی بۆ كایەی پەروەردە تەرخاندەكرێت، بەفیڕۆ دەڕوات.

كوردنەژاد پێیوایە تاكو لە كێشە بونیادییەكانی كۆمەڵگە تێنەگەین ناتوانین چارەسەریان بۆ بدۆزینەوە، بۆیە زۆر گرنگە لە دیموگرافیای ئابوری و ستراكتۆری ئابوری تێبگەین و ڕێگەیەكی گونجاو بۆ تێگەیشتن لەو هاوكێشەیەو چارەسەرەكەی بدۆزینەوە.

لە بەشێكی دیكەی تێزەكانیدا سەمیناریست زەمینەی سیاسی و ئابوری كوردستانی بە وڵاتانی پێشكەوتوو بەراوردكرد و لەڕێگەی میتۆدی بەراوردكارییەوە كێشە بنەڕەتییەكانی گەشەی ئابوریی هەرێمی كوردستانی شیكردەوە. بە بۆچوونی ئەو گەر گەلی كوردستان و پارتە سیاسییەكان سنوورێك بۆ دەستتێوەردانی دەرەكی دانەنێن و نەبنە خاوەنی ڕاستەقینەی كوردستان، هیچ گەشەیەك لەگۆڕێدا نابێت. ئەمەش بە كۆكردنەوەی دەسەڵات و بە یاساییكردنی كێبەركێ سیاسییەكانی نێوان پارتەكان دەكرێت.

پشتیوانیی نێودەوڵەتی ریفۆرم لە كوردستان داوادەكات، بۆیە ریفۆرمیست دەبێت خاوەن ماڵ بێت، ئەوەش سەروەری پێویستە كە وادەكات كورد لە ماڵی خۆیدا چارەسەری كێشەكانی خۆی بكات. هەرئەوەشە پێشكەوتنی دۆزی سیاسی كورد فەراهەم دەكات و دەبێتە هۆی پشتگیریی نێودەوڵەتی.

لاوازی بیرۆكراسییەت و شێواوی دیموگراقی و نەبوونی سیستەمی بانكی، خواستی سەر هێزی كاری كەمكردۆتەوە، ئەوەش بنەمای قەیرانی ئابوریی كوردستانە. نەمانی هاوسەنگی لەنێوان داهات و خەرجی وڵات كێشەی تێكەوتووە، كەوایە دەبێت خواست بەرزبكرێتەوە، بۆ ئەوەش پێویستە حكومەتی هەرێم دەستوبرد بكات لە چارەسەری قەیرانی داراییدا.

لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا بەپرسی پرۆگرامی ئابوری لە ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان باسی لەوە كرد كە بەدیهێنانی خواستی كار و گەشەی ئابوری پێویستی بەوە دەبێت ئابوریی وڵات لەلایەن گروپە وەبەرهێنەكانەوە بەرێوەبچێت، ئەوەش پێویستی بە گرێبەستی هاوبەش و چاودێری حكومەت هەیە كە تێیدا دابینكردنی یاسای نوێ و داڕشتنەوەی دامەزراوەكانی وڵات دەبێتە پێویستی.

كوردنەژاد پێیوایە بەبێ سەربەخۆیی و سەروەری تەواوی كوردستان، گەشەی بونیادی لە بواری ئابوری و سیاسیدا كە دەستی دەوروبەر لە كاروباری كورددا دوورخاتەوە، لە ئەستەمەوە نزیكە. بۆیە ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان وەكو قۆناغێكی گرنگی سیاسی دەبێت لە ئایندەدا سوودی لێوەرگیرێتەوە.

.لە كۆتاییەكانی سەمیناردا حوسێن كوردنەژاد وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە و ئەوەش گفتوگۆی گەرمی لێكەوتەوە.